شارەزایەكی كەشناسی: سبەی ئەگەری دروستبوونی لافاو و هاتنی هەوری سووپەرسێڵ هەیە
By User

شارەزایەكی كەشناسی لەبارەی كەشوهەوای سبەی و دووسبەی ڕایدەگەیەنێت، ناجێگیریی كەشوهەوا بەردەوام دەبێت، ئەگەری بارینی بارانی بەخوڕ و تەرزە هەیە و دروستبوونی هەورەبرووسكە هەیە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 19/4/2026، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای سبەی و ڕۆژانی داهاتوو، ڕایگەیاند: سبەی دووشەمە 20/4/2026، لە ئەنجامی بەردەوامیی حاڵەتی ناجێگیریی کەش و بەرگەهەوا، بە تایبەت لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ شەو، ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە زۆری بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو دەگۆڕێت، تەرزە و بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە بە شێوەی پچڕپچڕ لە سەرجەم ناوچەکانمان دەست پێدەکاتەوە، لە هەندێك شوێنیشدا ئەگەری دروستبوونی هەوری سووپەرسێڵ دەبێت و تەرزە و بارانەکان زۆر بەخوڕ دەبن، ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش دەبێت، لەگەڵ سپیپۆشبوونی هەندێ شوێن لە ئەنجامی بارینی تەرزەی بەهێز."
باسی لەوەش كردووە: "بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی فێنکتر لە دەریای ناوەڕاستەوە، پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، 2 تا 3 پلە نزم دەبێتەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، ئاراستەی با لە گۆڕاندا دەبێت.
لەبارەی كەشوهەوای دووسبەی سێشەممە 21/4/2026، ئاراس جەبار دەڵێت: "دووسبەی سێشەممە، کاریگەریی ناجێگیریی کەش بە لاوازی لە ناوچەکانمان بەردەوام دەبێت، لەنێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئەگەر هەیە لە هەندێك کات و شوێندا تاوەباران و هەورەبرووسکە دروست ببێتەوە، پاشان ئێوارەی سێشەممە کاریگەرییەکانی زیاتر لاواز دەبێت و کەشوهەوا لە شەودا جێگیر دەبێت."
